رەحیم رەشیدی
دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای هه‌موو ساڵێک، رۆژی جیهانی دایکه. رێزگرتن له دایک و ده‌ربڕینی ئه‌مه‌گناسیی به‌رانبه‌ر به گه‌وره‌یی دایک، له کۆمه‌ڵگە و وڵاته جۆراوجۆره‌کاندا، له کۆنه‌وه به‌ڕێوه چووه و وه‌کوو نه‌ریتێک باو بووه.
ئه‌وه‌نده‌ی زانیارییه‌کان پێمان ده‌ڵێن، ئه‌م یاده له یۆنانی کۆندا له نێوه‌ڕاستی مانگی مایدا، جێژنێکی گه‌وره بۆ رێزلێنان له خودای باروه‌ری، هه‌روه‌ها له “رئا” دایکی “ژئوس”، خوای خوداکان پێک هاتووه.
له وڵاتی بریتانیا، یه‌که‌مین جێژنی رۆژی دایک یان یه‌کشه‌ممه‌ی دایک، (Mothering Sunday)، بۆ رێزگرتن له که‌نیسه وه‌کوو دایکی دین، له‌لایه‌ن شا هنری سێهه‌م له ساڵه‌کانی ١٢١٦_ ١٢٣٩ی میلادی به‌ڕێوه چووه. ناوبراو سێهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مارس، واته کۆتاییی وه‌رزی زستان و سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاری بۆ ئه‌و جێژنه دیاری کردووه. به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م رێورڕەسمانه، تاکوو ده‌ورانی رێنسانس له ئورووپا به‌رده‌وام بووه.
له‌م رۆژانه‌دا ته‌نانه‌ت کڵفه‌ت و خزمه‌تکاره‌کان نه‌ده‌چوونه سه‌ر کاره‌کانیان، ئه‌وان شیرینی تایبه‌تییان ساز ده‌کرد و سه‌ردانی دایکانیان ده‌کرد، تاکوو به‌و چه‌شنه رێز له کار و کوێره‌وه‌ریی دایکه‌کانیان بگرن.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، له تورینگینی ئاڵمانیش یه‌کشه‌ممه‌ی دایک به‌ڕێوه چووه، منداڵه‌کان به سازکردنی شیرینی و چێشتی خۆش میوانداریی دایک و بابیان ده‌کرد و رێز و ئه‌مه‌گناسیی خۆیان بۆ دایک پێشان داوه.
له نێوچه‌ی شامپانی وڵاتی فه‌ڕانسه، هه‌روه‌ها والونین له بەلژیک، رێوڕه‌سمی هاوچه‌شن به‌ڕێوه ده‌چوون.
زانیارییه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن پاش ساڵی ١٦٤٤ی میلادی، ئه‌م جۆره رێوڕه‌سمانه به‌بێ ده‌ستتێوه‌ردانی که‌نیسه به‌ڕێوه ده‌چوون، خزم و که‌سوکار له ده‌وری یه‌کتر کۆ ده‌بوونه‌وه و دایکان رێزیان لێ نراوه.
کورته‌یه‌ک له مێژووی رۆژی جیهانیی دایک:
بۆ یه‌که‌مین جار، خاتوو جولیا وارد هووه (Julia Ward Howe)، ١٨١٩_ ١٩١٠)، شاعیر و نووسه‌ر و یاسا ناسی ئه‌مریکایی، که شه‌ڕه نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئاڵمان و فه‌ڕانسه شوێنی خراپی له‌سه‌ر دانابوو، پێشنیاری کرد رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ. خاتوو جولیا وه‌کوو خه‌باتگێرێکی ئاشتیخواز حه‌ولی ده‌دا ژنان وه‌کوو قوربانییانی سه‌ره‌کیی شه‌ڕ، ڕۆڵێکی مه‌زن بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و سه‌قامگیریی ئاشتیی بگێرن. له‌م رۆژه‌دا زۆرتر دایکی ئه‌و سه‌ربازه کوژراوانه له ده‌وری یه‌کتر کۆ ده‌بوونه‌وه، که له شه‌ڕی نێوخۆیی ئامریکادا گیانیان له ده‌ست دابوو.
پاش ناوبراو، خاتوو ئاننا جارویس (Anna Jarvis)، له ساڵی ١٨٧٢، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان بیرۆکه‌ی خاتوو جولیا، له دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٨ی زایینی، به ئامانجی رێزلێنان له ڕۆڵی دایکی، له ژیانی ناوبراودا، له رێوڕه‌سمێکی ئایینی‌دا ئه‌و ڕۆژه‌ی جێژن گرت. ئه‌و ژنه پاش رێوڕه‌سمه‌که کارێکی به‌ربڵاوی ته‌بلیغی به‌ڕێ خست.
ئاننا جارویسی دایک، له‌نێوان ساڵه‌کانی (١٨٣٢_١٩٠٥)، وه‌کوو ژنێکی زه‌حمه‌تکێشی کابان، هه‌روه‌ها ههڵسووڕێنەری کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی حه‌ولێکی زۆری له خۆی پێشان دا، تاکوو لایه‌نی پاک و خاوێنی و بێهداشت بۆ رزگارکردنی منداڵان له مردن په‌ره پێ بدات.
ئاننا جارویس، بۆ خۆی ١١ منداڵی به دونیا هێنابوو، که ته‌نیا ٤ دانه‌یان له ژیاندا مان. ناوبراو به وتاردان و رێکخستنی ئافرەتان به مه‌به‌ستی پێشکه‌وتن له بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، چالاکیی خۆی له‌م بواره‌دا به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر ده‌ست پێ کرد.
ئه‌و له ساڵی ١٨٥٨دا، “رۆژی کاری دایکان”ی دامه‌زراند و به رێخستنی ژنان خه‌باتی کرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان بیرۆکه‌ی کاری به کۆمه‌ڵ گه‌شه پێ بده‌ن و به به‌ره‌وژوور بردنی زانیارییه‌کانی خۆیان، ژیانی منداڵان له نه‌خۆشی و مه‌رگ له‌و سه‌رده‌مه‌دا رزگار بکه‌ن.
کارێکی دیکه‌ی ئه‌و ژنه خه‌باتگێڕه ئه‌وه بوو، پاش کۆتاییی شه‌ڕه نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌وڵی ده‌دا به کۆکردنه‌وه‌ی دایکان له ده‌وری یه‌کتر، وێڕای به‌هێزکردنی هاودڵی و هاوپێوه‌ندی له‌نێو وان‌دا، تێده‌کۆشا به‌م چه‌شنه، دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی له‌نێوان سه‌ربازه‌کانیش په‌ره پێ بدات، تاکوو به‌م جۆره ئاشتیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رچی زۆرتر به‌هێز بێت و په‌ره بستێنێ.
ڕۆژی ٩ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٥، ئاننا جارویس ماڵئاوایی له ژیان کرد و کچی ناوبراو، که ئه‌ویش هه‌ر ناوی ئاننا بوو، خه‌باتی خۆی ده‌ست پێ کرد. (١٨٦٨_١٩٤٨)، ناوبراو به نووسینی نامه بۆ یاسادانه‌رانی ئامریکایی، داوای کرد رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ. ئاننا بۆ یه‌که‌مین جار رۆژی ١٠ مانگی مای ١٩٠٨، له‌و شاره‌ی که دایکی رۆژانی یه‌کشه‌ممه له که‌نیسه وانه‌ی ده‌وته‌وه، رۆژی دایکی له رێوڕه‌سمێکدا رێز لێ گرت. ئه‌مه وای کرد، تاکوو ساڵی ١٩١٢، ٤٥ ویلایه‌تی ئامریکا، ئه‌م رۆژه‌یان وه‌کوو رۆژی دایک به فه‌رمیی ناسی.
کار گه‌یشته جێگایه‌ک، ویلسۆن سه‌رۆک کۆماری ئه‌و کاتی ئامریکا، له ساڵی ١٩١٤دا، رۆژی دایکی له سه‌راسه‌ری ئامریکا وه‌کوو ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ڕاگه‌یاند.
ئه‌م ڕووداوه بووه هۆکارێکی گه‌وره بۆ ئه‌وه‌ی ناردنی کارتی پیرۆزبایی به بۆنه‌ی رۆژی دایک بره‌و په‌یدا بکات. له‌م نێوه‌دا گوڵ فرۆشه‌کان داهاتێکی زۆریان وه‌سه‌ریه‌ک ده‌نا؛ ئەوان له‌و سه‌روبه‌نده‌دا نرخی گوڵه‌کانیان زۆرتر ده‌کرد. ئه‌مه وای له خاتوو ئاننا جارویس کرد به شێوه‌یه‌کی یاسایی دژی دیاریکردنی رۆژی دایک بووه‌ستێته‌وه. به‌ڵام سه‌رکه‌وتنێکی له‌م بواره‌دا وه‌ده‌ست نه‌هێنا.
ناوبراو بۆ به‌ربه‌ستکردنی به‌ڕێوه‌نه‌چوونی رێوڕه‌سمه‌کانی رۆژی دایک، له‌م رۆژانه‌دا کارگه‌لێکی کردن، که به‌هۆیانه‌وه که‌وته به‌ندیخانه. ئاننا ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له مردنی له ساڵی ١٩٤٨ی میلادی، به هه‌واڵنێرانی وت: “بریا رۆژی دایکم پێک نه‌هێنابا”.
له راستیدا ئێستا له وڵاتێکی وه‌کوو ئامریکا، شوێنه‌کانی ته‌له‌فوون کردن، رێستۆران و گوڵ فرۆشییه‌کان له ڕۆژی جیهانیی دایک دا، به‌هۆی فرۆشی زۆره‌وه زۆرتریین داهات بۆ خۆیان ده‌ستبه‌ر ده‌که‌ن.
ڕۆژی دایک له ساڵی ١٩٢٣دا له وڵاتی ئاڵمان، جێژن گیرا. ته‌نانه‌ت له ساڵی ١٩٣٣دا، نازییه‌کان رۆژی جیهانیی دایکیان وه‌کوو پشووی گشتیی ڕاگه‌یاند.
پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، رێوڕه‌سمه‌کانی رۆژی دایک له سه‌راسه‌ری ئورووپا به‌ڕێوه چوو. له‌م ڕۆژه‌دا به پێشکەشکردنی گوڵ و دیاری تایبه‌ت رێز له دایکه‌کان ده‌نرا. ئێستا رۆژی جیهانیی دایک، له به‌شێک له وڵاتانی ئورووپایی، له ئوستورالیا و ئامریکا رێزی لێ ده‌گیردرێ.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه که کۆمه‌ڵگەی کوردستان، بەدرێژایی مێژوو له‌لایه‌ن هێزه دژبه‌ره‌کانی ئازادی و مرۆڤ دۆستییه‌وه، ساڵانێکی دوور و درێژه شه‌ڕی به‌سه‌ردا سه‌پاوه، سیاسه‌تی کوشتن و بڕیین به پانه‌وه له دژی هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستان به‌ڕێوه ده‌چێ، دایکان له‌م به‌ستێنه‌دا زۆر زیانیان پێ گه‌ییوه و پێ ده‌گات.
ڕۆڵه‌کانیان ئێعدام و زیندانی ده‌کرێن، مێرده‌کانیان شه‌هید ده‌بن، سه‌ڕه‌رای هه‌موو ئه‌مانه، به‌شێکیان ڕاسته‌وخۆ له خه‌بات و ژیانی پێشمه‌رگانه‌دا به‌شدار بوون و به‌شدار ده‌بن و کۆڵ‌یان نه‌داوه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م سه‌ختییانه، دایکانی کورد هه‌رگیز ڕۆڵی دایکایەتیی خۆیان، که بریتییه له سۆز، مێهره‌بانی، خۆشه‌ویستیی بنه‌ماڵه و وڵات، هه‌ستکردن به به‌رپرسایه‌تی له ئاست چاره‌نووسی جگه‌ر گۆشه‌کانیان و تێکۆشان بۆ مسۆگه‌رکردنی داهاتوویه‌کی ڕووناک بۆیان، غافڵ نه‌بوون و نابن. کەوایە دایکان مافی بێئهملاولای خۆیانه جیا له هه‌موو ڕۆژه‌کانی دیکه، ئه‌بێ له رۆژی جیهانیی دایکدا رێزی تایبه‌تییان لێ بگیرێ و فیداکاری و خه‌باتیان نرخی بۆ دابنرێ.
ئه‌م رێزلێنانه له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌کرێ شیاوی ئاوڕلێدانه‌وه بێ، کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌هۆی سیاسه‌تی زاڵی داگیرکه‌ران، زاڵکردنی قه‌یدوبه‌ندی کۆنه‌په‌رستانه و ناسهردهمییانه، جیا له‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه ژنان له بازنه‌ی تێکۆشانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی دوور خه‌نه‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌م سیاسه‌ته تا ڕاده‌یه‌ک له‌نێو ئێمه ومانانیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ئەوەتا له هه‌ندێک نێوچه و ده‌ڤه‌ری جیاجیا به خه‌ستوخۆڵی هه‌ستی پێ ده‌کرێ.
ئه‌م دیارده بۆ خه‌ڵکی کورد به‌گشتی، خه‌باتگێرانی رێگەی ئازادی به‌تایبه‌تی، که ساڵانێکی دوور و درێژ دژی نیزامی نابه‌رانبه‌ر و چه‌وسێنه‌ر تێکۆشاون و تێده‌کۆشن بۆ به‌دیهێنانی ئازادی و دێموکراسیی فیداکارییان کردووه و له‌م رێڕەوهدا کوێره‌وه‌ریی زۆریان دیوه، شایان نییه ئیزن بده‌ن دایکان و ژنانی کوردستان به هیچ بیانوویه‌ک زوڵمیان لێ بکرێ و مافی ڕه‌وایان به بیانووگه‌لی پیاومه‌زنانه و کۆنه‌په‌رستانه پێشێل بکرێ.
ژنان و دایکانی هێژای کوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌کانیان، ئه‌بێ به یه‌کگرتوویی و هێزێکی زۆره‌وه له مه‌یداندا بن؛ له‌وه‌ش دڵنیا بن تاکوو بەهێز نه‌بن و وزه‌کانیان وه‌سه‌ر یه‌ک نه‌خه‌ن، ناتوانن وه‌کوو پێویست به‌ره‌وڕووی دابونه‌ریته پاشکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵگە ببنه‌وه. ئه‌و دابونهریتانهی له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی کو‌لتووریی پیاوسالاری و هێژموونی پیاودا له کۆمه‌ڵ و خێزاندا ده‌ور دەبینێ، به‌داخه‌وه زۆرجار ئافرەتان بۆ خۆیان بواری بۆ دهڕەخسێنن و له ئاست نابه‌رانبه‌ری و ماف پێشێلکارییاندا وه‌کوو پێویست ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی هه‌ڵنابڕن.
له ڕاستیدا، ژنان به‌و بێده‌نگییه له ئاست پێشێلکارییه‌کانی مافەکانی خۆیاندا جیا له پێشل‌کردنی مافه‌کانیان، سته‌مێکیش له ته‌واویه‌تی ئه‌و خه‌باته ده‌که‌ن؛ کە له پانتایی کۆمه‌ڵگەدا له‌لایه‌ن هه‌موو یهکسانیخوازانەوە بۆ ئازادی، دێموکراسی و پێکهێنانی کۆمه‌ڵێکی یه‌کسا
ن و به‌رانبه‌ر له ئارادایه.
