د. هیڤا پەناهی
هەر کۆمەڵگایەک گیروگرفتەکانی، پرس وخەفەت وکێشەکانی لە مێژووی ئەو گەلەوە دێن وئەوەی ئەمڕۆ دەقەومێت ودەدۆمێت بناخە وخاشەیان لە رووداوە مێژووییەکانەوە دێت وهەروەها ئاماژەن بە کۆمەڵێک نەریت کە بە هۆی گۆڕانی ژیان، گۆڕانی جۆری پەروەردە وهی دیکە ئیتر مانایان نەماوە ودەبێت ژیری هەبێت لە شێوازی مامەڵەکردن لە گەڵیان. رۆژانە وهەفتانە ومانگانە هەواڵ گەلی دڵتەزێن لەسەر ژنانی وئافرەتانی گەنجی کورد دەبیستین وخەمبارمان دەکات وزۆر رێخرا وهی دیکە قسە وباس دەکەن وبەڵام هەر لە خاڵی سفر وهیچ داین ورەنگە زۆرکەسان بپرسن بۆ؟ ئێمە لە ئەم وتارە کورتەدا هەوڵ دەدەین ئەو خاڵە کارەسات خوڵقێنەر گەلە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەست نیشان بکەین بۆ ئەوەی ناوەندەکانی بەرپرسیارکاری لەسەربکەن وببێتە هەتوان بۆ میزان کردنی کۆمەڵگای داڕماوی کوردستان.
١-بۆ کۆمەڵگای کوردستان داڕماوە؟
خاک وئاوی ئێمە وگەلی ئێمە بەهۆی شەڕ ووێرانی لەڕادەبەردەری سەدەی رابردوو لە هەمووبەشەکاندا دەست ویەخەی داڕمانی رۆحی وگیانییە وئەمە کاریگەری راستەو خۆ وناڕاستەوخۆی هەیە بۆ سەرهەموو گەلی ئێمە بەبێ جیاوازی. شاڵاوی رەشی ئەنفاڵ وجودا کردنەوەی گەنجانی پیاوی گەلی ئێمە بردن وبێسەروشوێن کردنیان ولەناوبردنیان وتەنیامانەوەی ژنان وکچان وئەوەی ئەزموونیان کردووە وپێی دەزانین ویان نازانین هێشتا بەشێكن لە خەم وداڕمانەکانمان وهەروەها هەڵکوتانە سەر مرۆڤی کورد وبۆمبەباران کردنی شاری هەڵبجە ودواتر بە کۆ لەناوبردنی بنەماڵەکان وا گوێرایەڵی دەسەڵاتی بەعس نەبوون ویان دوورخستنەوەی پیاوان بۆ بەندیخانەکان ومانەوەی ژنان ومنداڵان زامدارکردنی بەردەوامی مرۆڤی کورد لە هەموو بەشەکانی وڵاتمان وهەڵکوتانەسەرمان بە جۆری جیاواز کاریگەری راستەوخۆیان هەبووە لە سەربۆشکردنەوەی رۆحی وهزری مرۆڤی کورد لە هەست ونەستە ناسکەکانی وخەزێنەی رۆحی وگیانیان بە ئاستی وشکی وتەفروتوونا هێناوە وهەوڵیان داوە رامانبهینن بە کارەسات ودڵرەقیمان لە لا ئاسایی بکەنەوە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە مرۆڤی کورد هەوڵیداوە لە خۆڵەمێشی وجودییەوە دوبارە لە دایک بێتەوە هەرچەندە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی ئاسان نەبووە ونییە. هەربۆیە ئەرکە لەسەرمان ئەوەی لە تواناماندا هەیە بیکەن کە هۆشیار ببێتەوە. مکانیزمەکانی تەفروتونا کردن تەنیا جنۆسایدی فیزیکییان لە خۆ نەگرتووە بەڵام سەپاندنی تەفروتونایی وەک بیرکردنەوە لە بەشی هزری ناهۆشیاری مرۆڤی کورد وبەشی هۆشیاری بە تەژی کردن لە بیرەوەری وخەیاڵی خۆفهێنەر کە توانای ژیانی لێ بستێنن.
بەڵام گەلی خۆڕاگر وئازا وخاکەڕاێ ئێمە سەلماندوویەتی توانای ژیان وزاڵبوونی بەسەرگرفتەکاندا هەیە ولە خۆڵەمێشی خۆیەوە هەرجۆرێک بووە بە ئەم ئاستە گەیشتووە وهەوڵەکانی جێگەی سەربەرزی هەموو لایەکمانە؛ دەوڵەتانی داگیرکەری گەلی ئێمە هێندەی لە پیاوەکانمان سڵ دەکەنەوە سەد قات لە ژنەکانمان چونکە ئاستی ئازایی ئازاد بیرکردنەوە وجوڵەی ژنی کورد وەک سەرچاوەکان دەیگێڕنەوە خۆی بۆ خۆڵقاندوون، ئێمە خاوەن ژنان وداپیرانی ئاوەها بووین ولە دایکبوونی حکومەتی هەرێم هێندەی بەرهەمی خەبابتی پیاوانە بەرهەمی خەباتی ژنان وکچانی نەتەوەکەشمانە.
هەربۆیە رەنگە ساڵانی سەرەتای حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی ژنانی کورد بە یەکێک لە پرسە هەرە گرینگەکان دەست نیشان نەکرابا بەڵام لەراستیدا دەبێت زیاتر لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان کاربکەین چونکە بناخە ودرێژەیان کارو کردەوە سیاسییەکانی مرۆڤی کورد لە ئاستی نێوخۆیی ونێو دەوڵەتیش لە خۆ دەگرێت، واتە هەتا مرۆڤی کوردستانی داڕمانە مەعنەوی وزامەکانی سەر گیانی خۆی دەستنیشان نەکات وتواناێ ناسینەوەیانی نەبێت وهەوڵ نەدات نەدات چاریان بکات ئەوە کۆمەڵگای کوردەواری هەر تۆپێن بە ژن فەوتان ومردن وکوشتن وهی دیکە دەبێت بکات وخەم وبۆشایی خۆڵقاندن ونەجوڵانەوەکان دەبێتە هۆی هێنان ودروستکردنی کارەساتی دیکە، واتە تەفروتوونا بوونی ژنان وکچانمان خۆی چەندە کارەساتە قۆرتەکانی رەنگە نەخاستر لە ئەوەبێت کە بیرمان بۆی دەچێت!
٢- پرسی ئازاری ژنان
ئازاری ژنان وکچانی ئێمە یەک لایەنە نەبووە، چەندە داگیرکەران ورەقیبانی دڵبەقینی ئەو گەلە بە مکانیزمی جۆربەجۆرەوە سەپاندوویانە بەداخەوە بە هۆی خۆ نەناسین ودەرک وفامی سەقەت پیاوان وەک توێژی بە دەسەڵات ترئەوانیش هەمان دڵرەقیان سەپاندووە وهەربۆیە ژنانی ئێمە لە ژێر چەوساندنەوەی چەند قاتی دان وەک چلۆن هەموو ژنانی جیهان کە هاتە ئاستی چەوساندنەوەیان جۆری زۆر وزەختیان مکانیزمەکانی توێژی بەهێزی دەیسەپێنێت، تەنانەت ژنانێک بۆ توێژی باڵا دەست کاردەکەن ئەوانیش زاڵمن بۆ رەگەزی خۆیان چونکە بە مێشکی پیاوانی زاڵم بیردەکەنەوە. هەر بۆیە لە ئەم نێوەدا ئێمە دەبێت بیروهزری گەنجانی خۆمان بە دادپەروەری کوردی کە بەشێکی کەلتووری خۆمانە وجیهانە ئاشت بکەینەوەوەک چۆن پەندی کوردی ئەیژێت: شێر لە بێشە دەربێت چ نێر بێ چ مێێ” یەکە ژن وپیاو لە کەلتوور وچاندی ئێمە نەک کەم بەڵکوو هاوشان ویار وخۆشەویستی پیاوی خۆی وبرا وکەس وکاری بووە، شەڕەکان ئەم ئارامی وئاشتی وداد پەروەریی جوانەیان کەمرەنگ کردەوە چونکە بنەماڵە زیاتر لە دەوری پیاوەکانی کۆبووەوە وبۆ ئەوەی لەبەریەک هەڵنەوەشێت.
٣-ئازادی وەک ئەرک
کۆمەڵگای ئێمە بەختەوەرانە لەناخی ناخی خۆیدا کۆمەڵگایەکی زیرەک وخاوەن شکۆی رۆحی ومەعنەوییە وهەربۆیە تواناێ هەیە زامەکان زوو سارێژ بکات ئەگەربە میهرەوە سەیری خۆی بکات وبەراستی ئازا بێت وبۆ جارێک بۆ هەمیشە چارسەری ئەم کەلێن وبۆشایی گەلە بدۆزێتەوە وکارییان لەسەر بکات. پیاوان وژنانی ئێمە دەبێت دووبارە فێربکرێنەوە ئازادی مانای بەرەڵایی ونەفامی نادات، ئازادی یانێ ئەرک هەڵگرتن، یانێ خۆ ماندووکردن وخاکەڕایی بوون وەک چلۆن کۆمەڵگای ئێمە بە دێژایی مێژووی خۆی دەیان خسڵەت وکردار وخۆی جوانیان بۆ جێهێشتووین. ژنان وکچانی ئێمە دەرفەتیان هەبێت ناخی پێشکەوتنەکانی ببین نەک هەر لە رواڵەت دا رایانبگرین، رواڵەتی وهەروەها خەڵکێکی داڕماو ئیتر نەخەینەوە کە چلۆن سەردەمێک دوو رەشماڵ هەبوو لە هێندێک ناوچە وخەڵک یەکی دەناسی وجۆری ژیانیان سادە وپاقژ بوو کچ وکوڕەکانیان لە یەک مارە دەکرد وژیانێکی بێ دەنگ دەدۆما هەربە ئەو نەزمە بۆی بکوتن، دونیا گۆڕاوە، نابێت بەخەیاڵی کەڤنەوە بێن هەمان جۆری ژیان بەسەر کچان وژنانی ئێمە دا بسەپێنن لە سەردەمێک دا کە دەستمان لە داهێنانەکانی سەردەمیشدا نییە وژیان پێچ وپەنای زۆرە وئێمەش نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتین وئاستی گوێ گرتنمان بەشی بەهێزمان نییە بەداخەوە.
٤- پرسی ژنان وژنانی گەلێکی بێ دەوڵەت
بێ دەوڵەتی وئیعترافی هەمەلایەنە لە قانوونی جیهانی بە پرسی کورد بۆ ئێمە وەک نان وئاو وایە، لە ئەم رێگایەش دا ژنانی ئێمە وگرفتەکانیان گرفتی نیشتمانین چونکە ژنان نەوەکانی داهاتوو پەروەردە دەکەن وزمان وکەلتوور دەدەن وئەگەر بەسەقەتی وشەڕە شەق بژین نەک نیوەی ئەو خەباتە بەڵکوو پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی وسیاسی ووجودی ئێمە کەلێنی تێ دەکەوێت وئیتر پڕ ناکرێتەوە چونکە زەمانەکە گۆڕاوە. هەربۆیە توند وتیژی وقانوونی بێ مانا سەپاندن بە زۆر وزۆرداری بەسەر ژنان وکچان دا تاوانە وتاریکی بەهێز دەکات وئێمە دەمانهەوێت کۆمەڵگای کوردستانی پاک بێتەوە لە زام وزووخەکان وکەسی خاستر وبەهێزتر لە خۆمان هەبن بۆ داهاتوو، هەربۆیە پرسی ژنانی کورد وپرسی هەرە گرینگی نیشتمانین بۆ ئێمە. پیاوان وژنانی گەنجی ئێمە دەبێت جۆرێک پەروەردە بکرێن ئازاد بن لە کۆت وبەندەکانی بەعس وهەررژێمێکی هاوشێوە. دەست گرتن بە بەژنانی کورد وئافرەتانمانەوە دەست گرتنە بە داهاتووی مرۆڤی کوردەوە، بەختەوەربینین وبەختەوەرکردنی ژنان وکچمان کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەموو بەشەکانی ژیانی کوردە بە سیاسەت وپۆلتیکی نێو خۆیی ونێو دەوڵتییەوە، بەسەر سروشت وژیانی ئەم وڵاتەوە وجوان ناسی وکەش وهەوا وتێکۆشانی ئابووری وهی دیکەوە. جا کاتی هاتووە یاسا گەلێک هەبێت زیاتر رێگا بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی خۆش بکات. کۆمەڵگاێ ئێمە ژن وئافرەت خۆشەویستە وهەموو ستران ئەڤیندارییەکان بەڵگەن بۆ ئەمە، بەڵام بۆش بوونەوەی رۆحی کورد بە تایبەت لە نیو سەدەی رابردوو دا حاشای لێی ناکرێت وژن کوشتن وراهاتن بە دڵڕەقی وبێ عاربوون لە ئاستی دا ٩٠ لە ١٠٠ بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە وئەوەی دیکەشی نەزانی وکەم فامی، کە هەموو پێویستی بە چارەسەری هەیە.
دوکتور هیوا پەناهی ئاکادمیسیەن و لێکۆڵەر و نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی سەربەخۆی هاوچەرخی کوردە و خاوەنی دکتۆرایە لە زانستە سیاسی وکۆمەڵایەتییەکان ساڵی ٢٠١٤ دوکتۆراێ وەرگرتووە بە پلەی بەرز وشاەرزاێ گەلانی باڵکان وئاسیای بچووکە؛ وەک نووسەرێک بەهۆی داهێنان و توێژینەوەکانی لە زمان وئەدەبی کلاسیکی یونانی لە ئاستی نێو دەوڵەتی دا ناسراوە ونوسراوەکانی وەک سەرچاوە لە کۆمەڵێک زانکۆ دەخوێندرێن لەوانە زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیویورک.