KDC

هەرمن ئەحمەد: هەزاران کتێبی خوێندن بەسەر قوتابخانەکانی دیاسپۆرادا دابەش دەکرێن

 

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە هەماهەنگییەکی درێژخایەن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەیەکی ستراتیژیی پەروەردەیی  فێرکردنی زمانی کوردی بۆ منداڵانی دیاسپۆرا جێبەجێ دەکات، لەم چوارچێوەیەدا، دەیان قوتابخانەی کوردی لە ئەوروپا، ئەمەریکا و کەنەدا کراونەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە 15000 کتێبی خوێندنی فەرمی بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی و کرمانجی چاپ و بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەش کراون، بە ئامانجی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە تواندنەوەی زمانی کوردی لای نەوەی نوێی تاراوگە.
هەرمەن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، زانیارییەکانی پرۆسەیەکی گەورەی پەروەردەیی لە دەرەوەی وڵات بۆ کوردستان24 دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەکات، لە قۆناغی ئێستادا 6000 کتێبی پرۆگرامی خوێندن بە شێوەزاری کرمانجی چاپ کراون دەگەیەندرێنە قوتابخانەکانیان، ئەمەش دەچێتە پاڵ ئەو 9000 کتێبەی کە ساڵی رابردوو بە شێوەزارەکانی سۆرانی و بادینی بۆ قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات دابین کرابوون.

هەرمن ئەحمەد ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی خوێندنەکە سیستەماتیکە و لە رێگەی 30 قوتابخانەی سەر بە فیدراسیۆنی زمانی کوردییەوە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، شێوازی گوتنەوەی وانەکانیش بەپێی گونجاوی شوێنەکان بە هەردوو شێوازی ئۆنلاین و ئامادەبوونی فیزیکی لەناو پۆلەکاندا جێبەجێ دەکرێت.

بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەشڵێت: یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم هەنگاوە، بوونی رێککەوتنێکی فەرمییە لە نێوان کۆنفیدراسیۆنەکە و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە بۆ ماوەی 15 ساڵ واژۆ کراوە. بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، کتێبەکان و پرۆگرامی خوێندن لە لایەن وەزارەتەوە دابین دەکرێن و کۆنفیدراسیۆنیش ئەرکی جێبەجێکردن و گوتنەوەی دەگرێتە ئەستۆ، پرۆگرامەکە تەنها فێربوونی پیت و زمان نییە، بەڵکو بابەتەکانی مێژوو، جوگرافیای کوردستان، مۆسیقا و پەروەردەی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی منداڵانی کورد لە دەرەوەی وڵات ئاشنای تەواوەتی بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان ببن.
سەبارەت بە کاتی خوێندنەکە، هەرمن ئەحمەد وتی «بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا رێگە نادرێت زمانی دایک لەناو قوتابخانە فەرمییەکانی حکومەتدا بخوێندرێت، وانە کوردییەکان خراونەتە ڕۆژانی پشووی کۆتایی هەفتە (شەممە و یەکشەممە). دەستەی مامۆستایانیش بە زۆری پێکدێن لە ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنەکە کە بە شێوەی خۆبەخش و دڵسۆزانە وانە دەڵێنەوە».
بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاشکرای دەکات، پێشوازییەکی زۆر گەرم لە لایەن خێزانە کوردەکانەوە بۆ ئەم پرۆژەیە هەیە، بە جۆرێک کە نەک تەنها منداڵانی تەمەن 6 بۆ 14 ساڵ، بەڵکو گەنجان و کەسانی پێگەیشتووش کە تەمەنیان لە سەرووی 15 ساڵەوەیە، داوای کردنەوەی پۆلی تایبەت دەکەن بۆ فێربوونی زمانەکەیان و بەشداردەبن .
دەشڵێت: سەرباری ئەم سەرکەوتنە، پرۆسەکە رووبەڕووی چەند ئاستەنگێکیش بووەتەوە، دابینکردنی شوێن و بینای گونجاو بۆ قوتابخانەکان لە زۆربەی شارەوانییەکانی ئەوروپا کارێکی قورسە و رێکارەکانی ئاڵۆزن، هەرچەندە لە هەندێک شاری وەک لۆڤین لە بەلجیکا ئەم کێشەیە بە هاوکاری شارەوانییەکان چارەسەر کراوە، لە لایەکی دیکەشەوە، رەخنە لە بەشێک لە خێزانە کوردەکانی تاراوگە دەگیرێت کە کەمتەرخەمن و لە ماڵەوە بە زمانە بیانییەکان لەگەڵ منداڵەکانیان دەدوێن و هانیان نادەن بۆ فێربوونی زمانی دایک، کە ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر لەناوچوونی زمانەکە لای ئەو نەوەیە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پلانی هەیە لە داهاتوودا پرۆژەکە فراوانتر بکات و وڵاتانی وەک ئوسترالیاش بگرێتەوە، بۆ دروستکردنی سیستەمێکی پەروەردەییی بەهێز بۆ کوردانی تاراوگە.

ئێستادا سەدان هەزار کورد لە وڵاتانی دیاسپۆرا دەژین، بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی یەکگرتوو و پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی، قەیرانی تواندنەوە و لەبیرچوونەوەی زمانی دایک یەکێکە لە گەورەترین ئەو مەترسییانەی لە دەیەکانی رابردوودا ڕووبەڕووی نەوەی نوێی کوردانی تاراوگە بووەتەوە، ئەم هەنگاوەی ئێستای کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە یەکەمین هەوڵی سیستماتیک و رێکخراو دادەنرێت کە بە پاڵپشتییەکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵی دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی پتەو دەدات لە نێوان نەوەی نوێی دیاسپۆرا و نیشتمانەکەیان و ئامانج لێی پاراستنی کولتوور و نەتەوەیە لە مەترسییەکانی فەوتان لەناو کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا.

___

بەلجیکا رۆژەکانی کارکردن کەم دەکاتەوە 

KDC

فدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردستانی و ناوەندی ڕاینە بەشداری ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری کۆمەڵەی کوردییان کرد

nusar1

38مین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی بارزانییەکان

KDC