ناوەندی ڤانکۆڤەری کەنەدا پرسەی ماتەمینییان بۆ خانم هوما قازیی کوردپەروەر بەڕێوە برد، ئەوەش وەک وەفایەک بۆ کۆچکردوو.
رۆژی شەممە رێکەوتی ١١-٧-٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی عیسا مێرگەسۆری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ڤانکۆڤەر، مەراسیمی پرسە و هاوخەمی بۆ یادی کەسایەتیی کۆمەڵایەتی، نیشتمانپەروەر (هوما خانم قازی)بەڕێوە چوو.
لەو مەراسیمەدا، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا (تام کیمک)، کە هاوڕێ و دۆستی نزیکی گەلی کوردە، هەروەها نوێنەرانی لایەن و حزبە کوردستانییەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە خزم، دۆست، ناسیاو و نیشتیمانپەروەرانی شاری ڤانکۆڤەر و دەوروبەری، بەشدارییان کرد.
ئەم مەڕاسیمە بە هاوکاری و ماندووبوونی زۆرێک لە دڵسۆزان هەوڵ درا، کە مەراسیمێکی شایستە و لەبار و لە ئاستی کەسایەتی و خزمەتەکانی خوالێخۆشبوو هوما خانم قازی، بەڕێوە بچێت.
شایانی باسە، هوما خانمی قازی، کەسایەتیی خاوەن پێگە و جەماوەری کوردی ئەو شارە بوو و لە بنەماڵەی پێشەوا قازی محەمەدە و هاوسەری کەریم جەهانییە، ساڵانێکی زۆرە لە ڤانکۆڤەری کەنەدا دەژیت و لە زۆربەی هەرە زۆری چالاکیی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردی بەشداری کارای هەبووە و یارمەتیدەرێکی ماندوو نەساسی کوردەکانی ئەو شارە بووە، ژنێکی ڕەسەن و خانەدان بوو، کە دەستی یارمەتیی مادی و مەعنەوی گەیشتووتە زۆرێک لە کوردەکانی کۆن و نوێی هاتوو بۆ کەنەدا، بەو هۆیەشەوە هەموو کوردێکی نیشتەجێی ڤانکۆڤەر ڕێز و خۆشەویستییان بۆی هەبوو.
ناوبراو بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنی شێرپەنجە لە مەهاباد دوو ڕۆژ لەمەوبەر دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و رەوەندی کوردی ڤانکۆڤەری خەفەتبار کرد، بۆیە ناوەندی رەوەندی کوردستانی-ڤانکۆڤەر، پرسەیەکی تایبەتیان لەو شارە بۆی بەڕێوە برد.



